ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، پلانی هەبووە گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان بکات، بەڵام دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەفغانستان قوتابخانە ناوەندییەکانی وڵاتەکەیان بۆ قوتابیانی کچ داخست، ئەوانیش کۆبوونەوەکەیان ئەنجام نەدا.
جالینا پۆرتەر، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی هەینی 25-3-2022 رایگەیاند، هەندێک لە پلانی مامەڵەکردنیان لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان هەڵوەشاندەوە، لەوانەش ئەو پلانەی کە هەیانبوو بۆئەوەی لە دەوحە کۆببنەوە، بەڵام دوای بڕیارەکەی حکومەتی ئەفغانستان، کۆبوونەوەکەیان هەڵوەشاندوەتەوە.
بزووتنەوەی تالیبان لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوە دەست و پەرۆشە بۆئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ بکات؛ حکومەتی ئەفغانستان کە تاڵیبان بەڕێوەی دەبات هەفتەی رابردوو دەرگەی قوتابخانە ئامادەییەکانی بۆ کچانی وڵاتەکەی کردەوە، بەڵام هەر زوو دایخستنەوە.
جالینا پۆرتەر بە پەیامنێرانی راگەیاند، ئەو بڕیارەی بزووتنەوەی تاڵیبان کاریگەری گەورەی لەسەر خەڵکی ئەفغانستان، داهاتووی ئەو وڵاتە لە بواری ئابووریی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت، ئەگەر بێتو بەرپرسەکانی لێی پاشەکشە نەکەن.
جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی لەو بارەوە گوتی: “لەبەر خاتری داهاتووی ئەفغانستان و پەیوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داوا لە تاڵیبان دەکەین پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەرامبەر بە خەڵکی وڵاتەکەی”.
رۆژی پێنجشەممە 24-3-2022 وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەرویج، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بڕیارەکەی تاڵیبان کاریگەریی دەبێت لەسەر داننانی نێودەوڵەتی بە رەوایەتیی دەسەڵاتی ئەو بزووتنەوەیەدا لە ئەفغانستان.