بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دەکرێت.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 11ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 26/2/2022، ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە و سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت.
بەمەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار بەڕێوەبچێت، تا ئێستا چەند کوتلە و هاوپەیمانێتییەک خۆیان یەکلایی کردووهتەوە و بریاری بەشداری کردنیان داوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوانەی کە بڵاو کراونەتەوە تا ئێستا هەریەک لە کوتلەی سەدرییەکان (٧٣ كورسی)، هاوپەیمانی سیادە (٦٢ كورسی)، پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١ كورسی)، هاوپەیمانی شەعبیە (٥ كورسی) کوتلەی تورکمانی (١ كورسی) بڕیاری یەکلاکەرەوەیان داوە بۆ بەشداریکردن ١٧٢ کورسین.
لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی (٨٤ کورسی)، یەکێتی(١٨ کورسی)، عەزم سوننە (١٣کورسی)، عێراق ئەلمستقل (٥ کورسی)، بابلیون(٥ کورسی)، سەربەخۆکان(٨ کورسی)، ئیشراقەت کانون(١٠کورسی)، یەکگرتووی ئیسلامی (٤کورسی) کۆمەڵی دادگەری یەک کورسی کە دەکاتە ١٤٨ کورسی و زیاترە لەسێیەکی پەکخەر.
ئەم دوو بەرەیە یەکلاکەرەوە نین و هاتووچۆ لەنێوانیاندا هەیەو بەشێک لەپەرلەمانتاران لەدواساتەکاندا خۆیان یەکلایی دەکەنەوە.
هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک (١٨ كورسی) و بەشێک لەسەربەخۆکان بە مەرج بریاری بەشداری کردنیان داوە لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەراندا.
بۆ دەستپێکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە دوو لهسهر سێی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەکە بکەن لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکاتە ٢٢٠ کورسی.
لەنێو کوتلە کوردییەکانی نێو پەرلەمانیشدا هەریەک لە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و بریاری بەشداری نەکردنیان لهو دانیشتنەدا داوە.
رۆژی هەینی، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەگەر یەک لەسەر سێی پەکخەری دانیشتنی پەرلەمان شیعەن، ئەوا داوامان لێبکەن با گەورەترین هاوپەیمانێتیمان تەنها شیعی بێت”.
دەشڵێت، “دڵنیاشتان دەکەمەوە ئەمەتان بۆ سەرناچێت”.
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە، “ئەگەر وانەکرێت، ئەوا پێویستە “یەک لەسەر سێی پەکخەر نیشتمانیبێت” و هاوپەیمانێتییەکەشمان نیشتیمانی بێت”.