پۆلیسی دهۆك ئاشكرای كرد، لەسەر كوشتنی كەسێك بەهۆی كێشەی زەوی و زارەوە لە سنووری پارێزگاكەیان دیندار دۆسكی وەزیری پێشوتری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق و كەسێكی تر خۆیان رادەستی هێزەكانیان كردووە.
لەو بارەیەوە موقەدەم هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆك بە میدیاكانی وتووە، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك بەناوی كامیران یونس پیرەفاتی رۆژی شەممە دوو كەس خۆیان رادەستی پۆلیس كردووە.
ئەو موقەدەمە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو دوو كەسەش یەكێكیان دیندار دۆسكی وەزیری پێشووتری كۆچ و كۆچبەرانی عیراقە.
بەپێی زانیاریەكان، رووداوەكە رۆژی 18ی 3ی 2022 لە گوندی پیرەفاتی نزیك شاری دهۆك روویداوە و لەسەر كێشەی زەوی و زار بووە، كە دەمەقاڵە لە نێوان قوربانیەكە و سێ تۆمەتبار دروست بووە، یەكیان پێشتر خۆی رادەست كردووە.