لاپۆرتا دوپاتیکردەوە بیر لە گەڕانەوەی میسی ناکەنەوە و دەیانەوێت تیپێکی لاو بۆ بەرشەلۆنە بنیاتبنێن.
خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەی مۆندۆ دیبۆرتیڤۆی ئیسپانی و لە وەڵای پرسیارێک لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل میسی بۆ بەرشەلۆنە ڕایگەیاند تائێستا هیچ پەیامێکیان لە میسی و بریکارەکەیەوە پێنەگەیشتووە و لەڕاستیشدا لەئێستادا بیر لەو بابەتە ناکەنەوە.
لاپۆرتا دوپاتیکردەوە کە دەیانەوێت تیپێکی لاو دروستبکەن و لەگەڵیشیاندا یاریزانی بە ئەزمون شان بە شانیان یاری بکەن بەڵام لیۆ وەک خۆی دەمێنێتەوە چونکە باشترین یاریزانی جیهانە و هەمووان ئەوە باش دەزانن.
وتیشی: میسی وەک یاریزانێک شیەنی ڕێزە بەڵام لەئێستادا هیچ پەیوەندی و گفتوگۆیەک بوونی نیە لەنێوانماندا و بەتایبەتیش قسەمان نەکردووە، ئەو لە پاریسە بەڵام ئێمە هەمیشە بەباشی باسی دەکەین.
لەکۆتایشدا وتی: دوو گرێبەستمان بۆ وەرزی داهاتوو مسۆگەر کردووە کە یاریزانێکی ناوەڕاست و بەرگریکارێکە بەڵام ناتوانین ناوەکان ئاشکرابکەین.