شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی”ئیرادەی بەهێز”لەهەرسێ پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا بەڕێوەدەچێت و کێوماڵی هەمو ناوچانە دەکرێت کە گوماندەکرێت چەکدارانی داعشیان تێدابن.
ئەمڕۆ سێشەممە، شانەی ئەمنی عێراق لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردوەتەوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و سەڵاحەدین و رۆژئاوای نەینەوا بە هاوبەشی هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی”ئیرادەی بەهێز” لە ناوچەکانی باشوری خەزەر، ناوچەکانی باکوری روباری فورات و چەند ناوچەیەکی دیکە کرد.
ئاشکراشیکرد، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش و بەرقەرار کردنی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانەیە بەشێوەیەکی بەردەوام.
بڕیارە لە ئۆپراسیۆنەکەدا ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی سوپای عێراق و فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی عێراقی هاوبەشی بکەن.