وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مۆڵەتی هاوردەکردنی وزەی ئێران بۆ عێراق بۆ 120 رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە، بڕیارەکەش بۆ هاوکاری بەغدابوە و لەو ماوەیەدا دەتوانێت بەبێ سزا لە هاوردەکردنی وزەی ئێران بەردوام دەبێت، بەڵام پێویستە عێراقیش هەنگاو بنێت و پشت بەستن بە هەناردەکردنی وزە کەمبکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، واشنتن مەبەستیەتی عێراق بتوانێت پێداویستییە کورتخایەنەکانی وزە دابین بکات و هەنگاو بنێت، تا پشت بەستن بە هەناردەکردنی وزەی ئێران کەمبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تا چوار مانگی دیکە عێراق دەتوانێت بەبێ سزا لە هاوردەکردنی وزەی ئێران بەردوام دەبێت، هەروەها دەتوانێت مامەڵەی پەیوەندیدار بە کارەبا لەگەڵ ئێران ئەنجام بدات.
لە ئێستادا واشنتن فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی عێراق چڕکردوەتەوە، تا هەوڵ بدات لە بواری بەرهەمهێنانی وزەدا پشت بەخۆی ببەستێت لە جێگەی هاوردەکردنی کارەبا و گازی سروشتی لە ئێرانەوە، لە هەمانکاتدا بۆ نیشاندانی نیاز پاکی خۆی بەرامبەر حکومەتەکەی کازمی، چەندجارێک لێخۆشبونی بۆ عێراق لە بەکارهێنانی وزەی ئێراندا دەرکردوە.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ خۆلادان لەو سزایانەی کە ئەگەری هەیە بەهۆی بەکارهێنانی وزەی ئێران لەلایەن واشنتنەوە بەسەر وڵاتەکەی بسەپێنرێت، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن چەندین رێککەوتننامەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەرەپێدانی وزەی ئەمریکا واژۆکرد.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بێژەن زەنگەنە، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، کەرتی کارەبای عێراق بە هەناردەی گازی وڵاتەکەی چالاکە، ئەمەش لە روی ئابورییەوە سودێکی زۆری بۆ عێراق هەیە.