لەبەردەم سەرجەم بانکە حکومییەکانی سلێمانی کە مووچەی خانەنشینی دابەش دەکەن، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تەندروستی جێگیر دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 30ی ئاداری 2022 سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، “لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە ئەمڕۆوە سەرجەم تیمەکانی فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە ئەمبوڵانسەوە رۆژانە لە کاتژمێر 08:00ی بەیانییەوە تاوەکو کاتژمێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم بانکەکانی سلێمانی ئامادەییان دەبێت بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو”.
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، سێ خانەنشین لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە لەبەردەم بانکەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، دەیان خانەنشینی دیکەش دۆخی تەندروستییان تێکچووە و لەهۆش خۆیان چوون.
بە گوتەی عەبدوڵڵا فارس، سەرۆكی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، لە هەشت مانگی رابردوودا پێنج كەس لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەشێک لە خانەنشینان لە درەنگانێكی شەوەوە لەبەردەم بانكەكاندا نۆرە دەگرن بۆئەوەی مووچەی مانگی شوبات وەربگرن.