لە سلێمانی و گەرمیان ژمارەیەك فەرمانگە تا ئێستا موچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتوە

ژماره‌یه‌ك فه‌رمانگه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان تا ئێستا موچه‌ی مانگی شوباتیان وه‌رنه‌گرتوه‌، هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌رانیش پێش نه‌رورۆز نیوه‌ی موچه‌كانیان پێدراوه‌ و نیوه‌كه‌ی دیكه‌شی تا ئێستا وه‌ریانه‌گرتوه‌، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای سه‌دان خانه‌نشین تا ئێستا به‌هۆی نه‌بونی سیوله‌وه‌ له‌ بانك موچه‌كانیان پێنه‌دراوه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كان تا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كاره‌با، ئاو، رۆشنبیری، نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی موچه‌ی مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتوه‌، تا ئێستاش دیارنیه‌ كه‌ی موچه‌كانیان پێده‌درێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ بڕیاربو پێش نه‌ورۆز كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ بهێنرێت.

هەر ئەمڕۆش بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی، بە مەبەستی داواکاردنی موچەکانیان، لە بەردەم بینای بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری گردبونه‌ته‌وه‌، پاشان بە ڕێپێوان بەرەو بانکی موچەکانیان بە ڕێ دەکەون و داوا ده‌كه‌ن موچه‌كانیان پێبدرێت.

محه‌مه‌د حه‌سیب، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی رایگه‌یاند، “نزیكه‌ی دو مانگه‌ فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی موچه‌یان پێنه‌دراوه‌، چوار رۆژه‌ هه‌ر به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ن به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ وه‌ریان نه‌گرتوه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش دیارنیه‌ بۆ وه‌رگرتنی موچه‌كانیان”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، فه‌رمانبه‌ران ده‌ڵێن، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان پێنه‌ماوه‌ تاوه‌كو بتوانن به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر كاركردن بۆیه‌ بایكۆتی كاره‌كانیان راگه‌یاندوه‌ و ده‌ڵێن تا موچه‌ وه‌رنه‌گرن ناتوانن كاربكه‌ن، ته‌نانه‌ت دابه‌شكردنی نه‌وتی 690 دیناری عێراقیش له‌ به‌نزینخانه‌كان به‌وهۆیه‌وه‌ راگیراوه‌، چونكه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ تیمێكی حسابی و وردبینی ده‌وێت و ده‌بێت پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا بكات و چاودێری گه‌یشتنی نه‌وته‌كه‌ بكات.

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا هیچ به‌ڵێنێكیان پێنه‌داوه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ موچه‌كانیان پێنه‌درێت ئه‌وا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی ئاینده‌.

پەیوەندیدار