بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، وابڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە.
لە راگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردوە، کاتژمێر ١١ پێشنیوەرۆ بەمەستی هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆبونەوە ئەنجام دەدەن.
ئەوەش خراوەتەروو، هەر لە دانیشتنەکە بەشێک لە ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان دیاریدەکرێن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، شەممەی ڕابردوو بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاسایی و ئامادە نەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانەوە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام نەدرا و پاش ماوەیەک هێشتنەوە کۆبونەوەکە بە کراوەیی، دواجار سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخست.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە 220 پەرلەمانتار لە 329 پەرلەمانتارەکە هەیە.
بە گوێرەی دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە پرسەکە، تاوەکو رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو، دەرفەت لەبەردەم لایەنەکان هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن؛ بەڵام ئەگەر گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بەم شێوەیەی ئێستا بن، ئەوا پێناچێت تا ئەو وادەیەش عێراق سەرۆککۆماری نوێی هەبێت.