پەیامێك لە موقتەدا سەدرەوە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ مۆڵەت دەدات بە چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پێکھێنانی حکومەت.

موقتەدا سەدر رایگەیاند، هەلێک بە سەرجەم لایەنەکانی دیکە دەبەخشێت بەمەبەستی گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق لە یەکی مانگی رەمەزانەوە بۆ نۆی مانگی شەوال.

موقتەدا سەدر، داوا لە هەموو ئەندامەکانی فراکسیۆنی سەدر دەکات کە بە چاک و خراپ بەشداری بابەتی پێکێهانی حکومەت نەکەن و دەشڵێت، “بەمە ئەستۆپاکی خۆم سەلماندووە.”

باسی لەوەشکردووە، سەدرییەکان توانیویانە ببنە لایەنی براوەی هەڵبژاردن بە بردنەوەیەک پێشتر وێنەی نەبووە و دواتریش بوونەتە گەورەترین فراکسیۆنی شیعی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بووەتە یەکەم کەس کە سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی نیشتیمانی بەناوی رزگارکردنی وڵات و پاڵێوراوێک بۆ سەرۆک وەزیران پێشنیاز بکات کە لەلایەن هەمووانەوە قبوڵکراو بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، دوای کۆبوونەوەی فراوانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵەکەی، هادی عامری لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، شکانی ئیرادە و دوورخستنەوەی لایەنەکان، عێراق بەرەو سەقامگیری نابات، پەیامەکەمان بۆ هێزە سیاسییەکان و هاوپەیمانی سێلایەنەیە، دڵمان کراوەیە بۆ رێکەوتن و کۆتایهاتن بەم داخرانە سیاسییەی کە دروستبووە.

دواتریش موقتەدا سەدر لە تویتێکی دیکەدا رایگەیاند، “داخرانی سیاسی لەرێککەوتن لەگەڵ ئێوەدا باشترە”، کە مەبەست لەلایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە شیعییەکانە.

لای خۆشییەوە، نوری مالیکی سەرکردەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دەستپێشخەریەکیان بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی عێراق دەبێت و وتیشی، “ئەمڕۆ یان سبەی گفتوگۆ لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان ئەنجام دەدەین.”

پەیوەندیدار