ئەمڕۆی لە لالیگادا، ریال مەدرید بۆ لابردنی ئاسەوارەکانی یاری کلاسیکۆ یاری دەکات

دوای تەواوبوونی هەفتەی فیفا، خولەکانی ئەوروپا دەستپێدەکەنەوە و لە ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید هەوڵدەدات لە یەکەم یارییدا دوای شکستە گەورەکەی لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا، ئاسەوارەکانی ئەو یارییە لە دڵی یاریزان و هاندەرانیدا نەهێڵێتەوە.

لە گەڕی 30ـی لالیگادا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی بالایدۆس دەبێتە میوانی سێلتا ڤیگۆ، کە بەدڵنیاییەوە ئەرکی مێرینگێ ئاسان نابێت و ئەم یارییە یەکێک دەبێت لەو 9 یارییە کۆتاییەی کە کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری بەو شێوەیە ناوی بردوون.

ریال مەدرید ئەگەرچی بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش هەردوو رکابەرەکەی، سێڤییا و بارسێلۆنایە، بەڵام دەبێت هەموو یارییەکانی بە وریایی بکات، چونکە ئەرکی ئەو زەحمتترە و لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگیشدا ماوە.

ریال مەدرید کە بە 66 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی لالیگای گرتووە، لە کاتێکدا رووبەڕووی سێلتا ڤیگۆ دەبێتەوە کە ئەم یانەیەی شاری ڤیگۆ لە دۆخێکی باشدا نییە، بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ یانزدەمی ریزبەندییە، لە دوایین دوو یارییدا تەنیا خاڵێکی بەدەستهێناوە و لە وەتەی 2014ـەیە لە ریال مەدریدی نەبردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی ریال مەدرید لەنێو ئەو یاریگەیەدا دەبێت کۆششێکی باش پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ببەنەوە.

گەڕانەوەی کەریم بنزیما و فێرلاند مێندی بۆ پێکهاتەی ریال مەدرید، هاندەرێکی باشن بۆ ئەوەی یانەی شاهانە 3 خاڵی یارییەکە لەگەڵ خۆیدا بباتەوە مەدریدی پایتەخت.

یارییەکانی ئەمڕۆی لالیگا:

خیتافی – مایۆرکا 3:00
لێڤانتی – ڤیاریال 5:15
سێلتا ڤیگۆ – ریال مەدرید 7:30
ئاتلێتیکۆ مەدرید – دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش 10:00

پەیوەندیدار