سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات، قەبارەی خێزان لە هەموو هەرێم رووی لە بچووكبوونە، چونكە ژمارەی لەدایكبوونی منداڵ كەمبووەتەوە.
سیروان محەممەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، بەپێی رووپێوێك كە لە ساڵی 2017 ئەنجامیاندا، قەبارەی خێزان لە هەموو هەرێمی كوردستان رووی لە بچووكبوونە.
سەبارەت بە هۆكارەكەی وتویەتی، چونكە ژمارەی لەدایكبوونی منداڵ كەمبووە، بۆ نموونە قەبارەی خێزان لە پارێزگای سلێمانی لە 5.8ەوە دابەزیوە بۆ 4.6، لە پارێزگای هەولێریش قەبارەی خێزان لە 6.4ەوە دابەزیوە بۆ 5.1، هەروەها لە پارێزگای دهۆك قەبارەی خێزان لە 7ەوە دابەزیوە بۆ 6.2.
سەرۆكی دەستەی ئامار وتوشیەتی، لە ساڵی 2011ەوە توانای منداڵخستنەوەی ئافرەتانی تەمەنی نێوان 15 بۆ 49 ساڵ لە رێژەی تێكڕایی 3.3٪ەوە بۆ 3٪ دابەزیووە، ئەمەش هۆكارێكی دابەزینی ئاستی گەشەی دانیشتووان و بچووكبوونی قەبارەی خێزانە، كە زیاترە لە رێژەی دابەزینی ئاستی گەشەی دانیشتووان و بچووكبوونی قەبارەی خێزان لە پارێزگاكانی عیراق.
سەبارەت بە رێژەی تەمەن هێمای بۆ ئەوە كردووە، بەڵام بە گشتی هێشتا كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان و عیراق كۆمەڵگەیەكی گەنجە بەراورد بە وڵاتانی ئەوروپا و بەشێكی ئاسیا، چونكە 34.5٪ی دانیشتووانی هەرێم لە تەمەنی خوار 15 ساڵن، نزیكەی 28.5٪ی لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 29 ساڵن.