عێراق مانگی رابردوو بە بەھای زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە

مانگی رابردوو عێراق بە بەھای زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستی داھاتی فرۆشتنی نەوتە لە عێراق، لە ماوەی ٥٠ ساڵدا.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئازاردا زیاتر لە (100) ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەھای زیاتر لە (11) ملیار دۆلار فرۆشراوە و ئەمەش بەرزترین ئاستی داهاتیەتی لە ساڵی (1972)ەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیەنراوێكدا ئاماری ھەناردە و فرۆشتنی نەوتی لە مانگی ئازاردا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”وە، ١٠٠ ملیۆن و ٥٦٣ ھەزار و ٩٩٩ بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە، کە تێکڕا رۆژانە ٣ ملیۆن و ٢٤٤ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە کردووە.
راشیگەیاند، بە تێکڕا یەک بەرمیل نەوتیان بە ١١٠ دۆلار و ٩٠ سەنت فرۆشتووە، بەوەش کۆی گشتی داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە ١١.٠٧ ملیار دۆلار، کە ئەوە بەرزترین ئاستی داھاتی نەوتە لە ساڵی ١٩٧٢وە، واتا لە ماوەی ٥٠ ساڵدا.

پەیوەندیدار