ئەگەر منداڵەکەت بەڕۆژو دەبێت ئەم ئامۆژگاریانە رەچاو بکە

بەشێكی منداڵان لە تەمەنە لە جیاوازەكاندا ئارەزو بە گرتنی رۆژوی مانگی رەمەزان دەكەن، زۆرجاریش بۆ ئەوە چاو لە كەسانی گەورەتر لەخۆیان دەكەن و لەلایەن دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە هان دەدرێن.

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن، باشترە منداڵ دوای تەمەنی (10) ساڵی بەڕۆژوبێت، بۆ ئەو كاتەش كە رۆژو دەگرن چەند رێنمایی تایبەت هەیە كە باشترە پەیڕەوی بكەن، بۆ ئەوەی بەڕۆژو بون كاریگەری لەسەر دۆخی دەرونی جەستەی دروست نەكات.

سەبارەت بەو منداڵانەی نابێت لەم مانگەدا بەڕۆژوو بن پسپۆڕەكان باسیان لەوە كردووە، ئەوانەی بەدەست نەخۆشییە جیاوازەكانی وەك (كەمخوێنی، شەكرەی جۆری یەكەم، نەمانی حەزی خواردن) رۆژوو زیانی بۆیان هەیە و نابێت بیگرن.

بۆ ئەوانە كە لەمانگی رەمەزاندا توانایان هەیە و بەڕۆژوو دەبن دەبێت پەیڕەوی ئەم ڕێنماییانە بكەن بۆ ژەمی بەربانگی:
1-دوانەكەوتن لە بەربانگ كردنەوە، واتە دوای بانگی ئێوارە دەنكێك خورما بخۆن، دواتر شەربەتێكی فرێش و بۆ ئەوەی وزە و توانای پێویست وەربگرن.
2-خواردنەوەی ئاو و شۆربا بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو بڕە شلەمەنییەی لەش لەڕۆژدا لەدەستیداوە.
3-دووركەوتنەوەی لە خواردنی خۆراكی سوێر و توون، بۆ ئەوەی هەستی تینوێتی كەمبێتەوە.
4-خواردنی ئەو میوانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و كانزا جیاوازەكان.
5-دووركەوتنەوەی لە زۆر خواردنی شیرینییە قورس و چەورەكان.
6-نەخواردنی خۆراكی خێرا و سورەوەكراو، چونكە هەرسكردنیان ئاسان نییە بەتایبەت بۆ گەدەی منداڵ.

بۆ ژەمی پارشێویش دەبێت پەیڕەوی چەند ڕێنماییەك بكەن ئەوانیش بریتین لە:
1-پارشێو كردن لەكاتێكی درەنگدا، واتە ماوەیەكی كەم پێش بانگی بەیانی.
2-پێكهاتەی خۆراكی ژەمەكە هەمەچەشن بێت و دەوڵمەند بێت بە ڤیتامین و ماددە خۆراكییە گرنگەكان، هەروەها خواردنی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە كالسیۆم بەتایبەت شیر و ماست.
3-گرنگیدان بە خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە پرۆتین بەتایبەت پەنیر و هێلكە

پەیوەندیدار