داواکاری گشتیی ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت؛ تەرمی زیاتر لە(400) کەسی مەدەنییان لە ناوچەی کیێڤ لە دوای ئازادکردنی لە سوپای روسیا دۆزیوەتەوە.
ئیرینا ڤینیدیکتۆڤا داواکاری گشتیی ئۆکرانیا، لە پەیامێکیدا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ھەر بستێکی ناوچەی کیێڤ کە لە سوپای روسیا ئازادکراوە، کاری گەڕان و پشکنین بەردەوامە و ئەم کارانە بە بەشداری پشکنەرەکان، شارەزایانی تەقینەوە و نەخۆشیی ژنان، شارەزایانی پزیشکی دادیی، پزیشکان و تیمەکانی رزگارکردن بەڕێوەدەچێت.
ئیرینا ڤینیدیکتۆڤا، ئاشکراشیکرد کە لەو ناوچە نیشتەجێبووانەی کە لە نزیک کیێڤ ئازادکراوە تەرمی زیاتر لە(400) مەدەنییان دۆزیوەتەوە و وتی، ” لەو خاکانەی کە ناوچەی کیێڤ ئازادکراوە، بەڵگەی زۆر گرنگ لەسەر تاوانی جەنگی بێبەزەیی روسیا ھەیە. ئێرە، لە خاکەکەماندا دۆزەخێکە بۆ بەبەڵگەکردنی سزادانی ئەوانەی کە ئەم کارانەیان رێکخستووە”.
ڤینیدیکتۆڤا، جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ کارەکانی دەستنیشانکردنی شایەتحاڵ و ستەملێکراوەکانی روداوەکە کارەکانی کۆکردنەوەی بەڵگەی فۆتۆ و ڤیدیۆی کارەساتەکە بەردەوامە.
لاى خۆیەوە ئاننا مایلار جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، دوێنی ئازادکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤ لە سوپای روسیا و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ئیرپین، بوچا، گۆستۆمۆڵ و ناوچەکانی دیکەی لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە راگەیاندبوو.
ئێستانیوز : بێستون لەتیف