تەندروستیی جیهانی: 99% دانیشتووانی جیهان هەوای پیس هەڵدەمژن

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، نزیکەی تەواوی دانیشتووانی جیهان هەوایەک هەڵدەمژن کە بە مەترسی دادەنرێت بۆسەر تەندروستیی مرۆڤ.

لە راپۆرتێکدا کە رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە زانیاری و بەڵگەی لەبارەی کوالیتی هەوا لە ١١٧ وڵات و زیاتر لە شەش هەزار شار بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، ٪٩٩ی دانیشتووانی جیهان لە هەلومەرجێکی کەش و هەوادا دەژین کە لە خوار ستاندارتی کوالیتی هەوای رێکخراوی تەندروستیی جیهانیەوەیە و هەوایەکە مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە.

باس لەوە کراوە، لە تەواوی ئەو وڵات و شارانەی بەدواداچوونیان بۆ کراوە هەوا ئەو پارچە بچووکە ماددانەی تێدایە کە زیان بە جەستە دەگەیەنن لەگەڵ دی ئۆکسیدی نایترۆجین، ئەوانەش زۆرتر لەو وڵاتانەدایە کە داهاتیان مامناوەند و کەمە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، رێژەکانیPM2,5 و PM10 کە بڕی ماددەی زیانبەخش لە هەوادا دەپێون لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا لە نزیکەی لە دوو هەزار شاردا شەش هێندە زیادیان کردووە، کە ئەو پارچە ماددانە لە رێگەی سیستمی هەناسەدانەوە دەچنە سی و سوڕی خوێنەوە و دەبنە هۆی ئیفلیجی و نەخۆشی هەناسەدان.

بەپێی رێنمایی کوالێتی هەوای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، وڵاتان ئامۆژگاری دەکرێن بە:

١.چاودێریکردنی باشی هەوا و دەبێت سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا بناسێنن.

٢.هانی بەکارهێنانی وزەی دۆستی ژینگە بدەن لە چالاکییەکانی رۆژانەدا وەک لە میانی چێشتلێنان، ئامڕازەکانی گەرمکردنەوە و رووناککردنەوەدا.

٣.لە شارەکاندا بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت کەمبکرێتەوەو پەرەبدەن بە بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتیی.

٤.گرتنەبەری سیاسەتی دەستکەوتنی وزەی نوێ پەیڕەو بکەن.

٥.پیشەسازی بەڕێوەبردنی پاشەڕۆی ناوخۆیی بەهێز بکەن.

٦.چالاکیەکانی بەفیڕۆدانی کشتوکاڵی کەمبکەنەوە.

پەیوەندیدار