وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ پێوەری دیکە لە هەژمارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت و حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش کاری لەسەر دەکات. ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند: “بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، هەرێمی کوردستان لەسەری پێویست بوو نرخی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات. ئەوەی نێردراوە (بۆ هەرێمی کوردستان) دوای ئەوە بووە کە نرخی 250 هەزار بەرمیلی لێ گەڕێندراوەتەوە”. وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، ساڵی رابردوو بڕە پارەیەکی کەمیان داوەتە هەرێمی کوردستان و ئەمساڵیش پێوەری دیکە لە هەژمارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت و حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش کاری لەسەر دەکات. لە کۆتایی مانگی ئاداری 2021دا پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق پەسندکرا؛ بەپێی یاساکە، دەبوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، عێراقیش لە بەرامبەردا مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دواتر حکومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە تەنیا 200 ملیار دینار وەکو سولفە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. لە 24ـی حوزەیرانی 2021، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی عێراق مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، سولفەیە نەک بودجە و مەبەستەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات.
ئێستانیوز… زۆزک