وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت زۆر روونە کە رووسیا بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی “تاوانی جەنگ” لە شارۆچکەی بوچای باکووری رۆژئاوای کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا. رووسیاش ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.
رۆژی دووشەممە 4-4-2022 جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بڕوایان وایە رووسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا کردووە و گوتی دەبێت ئەو کردەوانەی رووسیا بە دۆکیۆمێنت بکرێن، بەڵگەکان کۆبکرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت. گوتیشی ئەمریکا بەشێک دەبێت لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە.
کێربی گوتی: “پێموایە زۆر روونە، نەک هەر تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان کە سوپای رووسیا بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی کوشتار لە بوچا. ئێستا بە دیاریکراوی کێیە و چی یەکەیەک ئەوەی کردووە، جا چ سەربازەکانیان بن یان چیچانییەکان بن، من پێموانییە ئێستا بتوانین ئەمە بزانین، بەڵام ئێمە روودانی ئەم کردەوە شەڕانگێزانە بەدرۆ ناخەینەوە و ئەوەش رەتناکەینەوە کە لەسەر دەستی رووسەکان ئەنجامدراون”.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەدا کە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ-ی هاوتا ئۆکراینییەکەی لە پەیوەندیی نزیکدایە و گوتیشی ئەمریکا پابەندە بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی بەردەست بۆ بەدۆکیومێنتکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی لایەنی بەرپرسیار لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا.
مۆسکۆ رووبەڕووی رەخنە و تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە پاش کشانەوەی سەربازانی رووسیا لە دەوروبەری کیێڤ، ژمارەیەک تەرم کە جلی سڤیلیان لەبەربوو، لەسەر شەقامەکانی ئەو ناوچانە دۆزرانەوە، کە ژمارەیەکیان دەستەکانیان لە پشتەوە بەسترابوونەوە.
بڵاوبوونەوەی وێنەی تەرمەکان کاردانەوەی گەورەی وڵاتانی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان دژی رووسیا لێکەوتەوە و داوا دەکەن سزای قورستر بەسەر کرملیندا بسەپێنرێن، سەرەکیترین سزای داواکراویش، بڕینی هاوردەکردنی سووتەمەنیی رووسیایە.
هەروەها ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دووپاتی دەکاتەوە کە رووسیا “تاوانی جەنگ”ی لە ئۆکراینا کردووە و رایدەگەیێنێت هەموو شتێک دەکەن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی لەنێو سوپای رووسیادا بەرپرسیار بوون لەو کردەوانە و سزادانیان.
رۆژی دووشەممە 4-4-2022 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بە هاوبەشی و لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەتیش لەگەڵ دادگەی تاوان-ی نێودەوڵەتی کار دەکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن رووسیاوە بکەن. لە بەشێكی دیکەی گوتارەکەیدا، زیلینسکی گوتی، ئێستا رووسیا هەوڵدەدات شوێن دەستی “تاوانەکانی” بشارێتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا رووسیا بە ئەنجامدانی “کردەوەی دڕندانە” تۆمەتبار دەکات و دەڵێت وڵاتەکەی خۆی بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو کردەوانەی رووسیا ئامادە دەکات. دەشڵێت سوپای رووسیا لە ناوچەکانی دۆنباس و خارکیڤ ژمارەیەکی بەرچاوی سەرباز و کەلوپەلی سەربازی کۆکردووەتەوە و دەڵێت ئەوە دەرخەری ئەوەن کە ئەو سزایانە بەسەر رووسیادا سەپێندراون بەس نین.
رووسیا هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئۆکراینا ئەو دیمەنانەی هەڵبەستووە بۆ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ مۆسکۆ رابکێشێت. تاوەکو ئێستاش هیچ دادگە یان دامەزراوەیەکی بێلایەن نەیسەلماندووە، کە سەربازانی رووسی ئەو کارەیان کردبێت.
رۆژی دووشەممە 4-4-2022 ڤاسیلی نابێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە ئەو تۆمەتانەی ئۆکراینا ئاڕاستەی دەکەن “هەڵبەستراون” و وەکو خۆی دەڵێت بۆ لێدانی ناوی سوپای رووسیا و پیشاندانێتی بەشێوەیەکی “نامرۆڤانە”.
ڤاسیلی نابێنزیا، گوتی: “ئێستا ئەگەر بە وردی تەماشای ئەو تەرمانە بکەن لەسەر شەقامەکانی بوچا کەوتوون، کە هەرگیز پێش جێهێشتنی سوپای رووسیا لەو شوێنانە بوونیان نەبووە و لە پڕێکدا لەسەر شەقامەکاندا دەرکەوتن، دانە دانە لە راست و چەپی شەقامەکان، ژمارەیەکیان دەجووڵێن و نیشانەی زیندووبوون دەردەخەن؛ ناتوانن خۆتان لەو راستییە لابدەن کە ئەمە هەڵبەستراوە، ساختەیە و هەراسانکردنی رووسیایە.”