فەرمی کومان دەبێتەوە بە ڕاهێنەری هۆڵەندا

بەفەرمی ڕۆناڵد کومان لە دوای مۆندیالی 2022ی قەتەر دەبێتەوە بە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا.

یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا ئاشکرایکرد، گرێبەستی لەگەڵ کومانی ڕاهێنەری پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئیمزاکردووە تا 2026، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە دوای مۆندیالی 2022ی قەتەر.

لەم بارەیەوە کومان دەڵێت “بەپەرۆشم بۆ ئەم هاوکاریە نوێیە، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لێرە ڕۆشتبووم، بەدڵنیاییەوە بەجێهشتنی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەهۆی ناڕەزایەتییەوە نەبوو، بەڵکو کارەکانی ئەو کاتەم و ئەنجامەکان و بڕیارەکانمان لەگەڵ یاریزانە نێودەوڵەتیەکان زۆر باش بوون، بەم نزیکانەش لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوام دەبین”.

دیاریکردنەوەی کومان لەکاتێکدایە، لویس ڤان گالی ڕاهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی ئاشە هەواییەکان ماوەیەکی کەمە توشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجی پرۆستات ڕاگەیاندووە، کە پێشتر ئەمەی لە یاریزانەکانی شاردبووەوە.

کومانی 59 ساڵ پێشتر لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 ڕاهێنەری هۆڵەندابوو سەرپەرشتی تیپەکەی کرد لە 20 یاریدا، بەڵام لەبەر ڕاهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنە هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت و سەرپەرشتی یانە کەتەلۆنیەکەی کرد لە 67 یاریدا.

کومان وەک یاریزان 78 یاری بۆ هۆڵەندا کردووە و لە 1988دا نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای لەگەڵدا بەدەستهێنا، یاری بۆ یانەکانی ئایندهۆڤن و بەرشەلۆنەش کردووە.

پەیوەندیدار