هاوڵاتییەکی ئەڵمانیی 90 ژەمە ڤاکسینی لەخۆی داوە

ڕۆژنامەی “گاردیان”ی بەریتانی ئاشکرایکرد، هاوڵاتییەکی ئەڵمانیی تەمەن 60 ساڵ، لەماوەی چەند مانگێکدا 90 ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنای لەخۆیداوە، ئەویش بەئامانجی ئەوەی کارتی کوتانەکان بەوکەسانە بفرۆشێتەوە کە نایانەوێت ڤاکسینەکە لەخۆیان بدەن.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانییەی لەشاری ماگدیبۆرگی سەر بەویلایەتی ساکسۆنیا ژیاوە، لەماوەی چەند مانگێکدا 90 ژەمە ڤاکسینی دژە کۆڕۆنای لەخۆیداوە، بەڵام دواجار لەیەکێک لەناوەندەکانی خۆکوتان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەدوو ڕۆژی یەک لەدوای یەکدا سەردانی هەمان ناوەندی کردۆتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوکەسە کە لەبەر ڕێساکانی پاراستنی تایبەتمەندیی کەسیی ناوەکەی ئاشکرانەکراوە، دەستکراوە بەلێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیدا، تۆمەتەکانی سەریشی بریتیبوون دەرکردنی کارتی خۆکوتانی بێ مۆڵەت‌و ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمیی.

سەبارەت بەکاریگەرییەکانی ڤاکسینەکان لەسەر تەندروستیی کەسەکە، ئاماژە بەوەکراوە کە هێشتا کاریگەرییەکەی لەسەر دەرنەکەوتوون، بەتایبەت کە مارکەی جیاواز جیاوازی ڤاکسینی کۆڕۆنای لەخۆیداوە.

پەیوەندیدار