ڕێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی لە ٧٪ و ڕێژەی بێکاریش ١١٪یە، بەرزترین ڕێژەی ھەژاریش لەسەر ئاستی پارێزگاکانی ھەرێم لە پارێزگای دھۆکە.
“زاگرۆس فەتاح” بریکاری وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم ڕایگەیاندووە، کەمکردنەوەی ڕێژەی ھەژاری یەکێکە لە ھەوڵە سەرەکییەکانی وەزارەتی پلاندانان، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٧٪ و ڕێژەی بێکارییش بە پێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدایە لە ١٠٪ بۆ ١١٪یە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو ڕێژەیەی لە ھەرێم ھەیە بەراورد بە عێراق ڕێژەیەکی زۆر کەمترە.
لە ئێستاشدا بە پێی زانیارییەکان، پارێزگای دھۆک لە ڕێژەی ھەژاریدا پێشەنگی پارێزگانی ھەرێمە، کە ژمارەی دانیشتوانی ملیۆنێک و ٣٩٧ ھەزار و ٥١٥ کەسە، ڕێژەی ھەژاری لەو پارێزگایە ٨.٦٪ە، و ١٢٠ ھەزار کەسیش لە ژێر ھێڵی ھەژاریدایە. لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠٢٠ پارێزگای دھۆک لە ڕێژەی بێکاریدا لەسەر ئاستی ھەرێم ڕیزبەندی یەکەم بووە.