تەرمی پێنج کۆچبەری دیكەی کورد دەگەڕێندرێتەوە کوردستان

نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان رایگەیاند، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە تەرمی پێنج کۆچبەری کورد بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە، حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوای زیاتر لە سێ مانگ و نیو بەسەر رووداوی ژێر ئاوکەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە رێکەوتی ٢١ی ١٢ی ٢٠٢١ نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنانی تەرمی پێج کۆچبەری کورد بە چەند قۆناغێکی جیا جیا لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزرانەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، “لە ساتی رووداوەکەوە دەزگای لوتکە هەوڵەکانی چڕکردەوە بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی لەو رووداوە بێسەروشوێن بوون. سەردانی رزگاربووانی ئەو رووداوەمان کرد لە ئەسینا”.
هەربەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر بێسەرشوێن بووان و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ کەسوکاریان و رادەستکردنی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، تا ئێستا تەرمی پێچ کەسیان دۆزراوەتەوە و بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان لە راگەیانراوەکەیدا زانیاری لەبارەی ئەو کەسانەی تەرمیان دەگەڕێتەوە کورستان ئاشکرا کردووە:

یەکەم . جێگر ئەبوبەکر برایم ٢٢ ساڵ
دووەم . بارێز ناسح محەمەد ٢٢ساڵ
سێیەم. ژاکاو محەمەد ئەمین ٢٣ ساڵ
چوارەم. سێڤدا فریاد عەلی ٦ ساڵ
پێنج . محەمد ڕێبوار عەبدوڵڵا ٢ ساڵ

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا، نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان دەشڵێت، تا ئێستا مەلەفی سەرجەم بێسەروشوێنبووانی ئەو رووداوە و سەرجەم رووداوەکانی ساڵانی رابردوو بە کراوەیی ماونەتەوە و بەردەوامن لە بەدواداچوون بەمەبەستی هاوکاری و کار ئاسانی بۆ کەسوکاریان.

پەیوەندیدار