نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی شاڵاوی ئەنفالدا داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال بكاتەوە، داواش لەلایەنە سیاسیەكان دەكات تەبا و یەكڕیزبن.
بەبۆنەی 34 ساڵیادی شاڵاوی ئەنفالەوە نێچیرڤان بارزانی بڵاویكردووەتەوە، ئەنفال تاهەتایە پەڵەیەكی رەشە بە نێوچەوانی مێژوو و ئەنجامدەرانییەوە و بەرپرسیاریەتی تەواوی مرۆڤایەتییە كە هەرگیز رێگە نەدات ئەم تاوانانە لە هیچ شوێنێكی سەرزەمین دووبارە ببنەوە و بە هەموو شێوەیەك رێی لێ بگیرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە كاتێكدا هەرێم بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، باشترین یاد و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی كوردستان، یەكڕیزیی هێز و لایەنە كوردستانییەكان و پێكهاتەكانیەتی لەپێناو مسۆگەركردن و پاراستنی مافە دەستوورییەكان و قەوارەی سیاسی و فیدراڵی و داهاتووی هەرێم.
سەرۆكی هەرێمی كرودستان جەختی لەوەش كردووەتەوە، حكومەتی عیراق لەبەردەم ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆییدایە بۆ ئەوەی قەرەبوی لێقەوماوان و كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە تاوەكو هەندێك لە برینەكانیان ساڕێژ ببن، لە هەرێمی كوردستانیش هەرچی لە توانادایە دەبێت خزمەتی باشتری خانەوادە و كەسوكاری ئەنفالكراوان بكەن.