وشکەساڵی هەڕەشە لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەكات

زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ساڵانە بەشێکی زۆری بە گەنم و جۆ دەچێندرێت؛ لە گەرمیان وشكەساڵی راگەیێندراوە؛ لە چەند ناوچەیەکی سنووری هەولێر و هەروەها زۆربەی ناوچەکانی دهۆکیش مەترسی لەسەر زەوییە چێندراوەکان هەیە و جووتیاران چاوەڕوانی بارانی بەهارن بۆ ئەوەی بە کەمترین زیانەوە وەرزەکە تێپەڕێنن.

سنووری هەولێر

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر، زیاتر لە یەک ملیۆن و 57 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنوورەکەدا هەیە؛ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: “ئاماری فەرمی بەردەست نییە، بەڵام زۆربەی زۆری زەوییەکان چێندراون”.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە میدیاكانی راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ یەکەم بارانی پاییز چاندن لە سنوورەکەیان دەستپێدەکات، بەڵام ئەمساڵ بەشێک لە جووتیاران بەراورد بە ساڵانی پێشوو درەنگ زەوییەکانیان بە دانەوێڵە چاند و دوای دووەم باران دەستیان بە چاندن کرد.

ساڵی رابردوو زیاتر لە 45 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆی هەولێر کرا، جگە لەوەی گەنمیش رادەستی سایلۆی مەخموور کرا؛ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: “ساڵی رابردوو بڕی زۆری گەنم کە سایلۆی مەخموور وەریگرت گەنمی هەولێر بوو؛ پلانمان هەیە ئەمساڵ رێگە نەدەین گەنممان بچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هەر بۆ سایلۆکانی نێوخۆ بمێنێتەوە، چونکە وا بڕیارە تەواوی بەرھەمی جووتیاران ئەمساڵ وەربگیرێت”.

جووتیارانی سنووری هەولێر چاوەڕوانی رۆژانی داهاتوون بۆ بارانبارین؛ هێمن سەید موراد دەڵێت: “ئەمساڵیش بەرھەممان دەبێت؛ هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 62 ھەزار تۆن گەنم ھەیە بۆ بەشە ئاردی بەشەخۆراکی مانگانە”.

زەوییەکانی هەولێر کراونەتە سێ بەشەوە: زۆنی بارانی مسۆگەر، زۆرنی نیمچە مسۆگەر و زۆنی نامسۆگەر؛ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: “زۆنی یەکەممان زۆر باشە؛ زۆنی دووەمیش باشە و پەسندە؛ زۆرنی سێیەم گرفتمان ھەیە؛ رۆژانی داهاتوو باران ببارێت ئەو زەوییانەشی بەرهەمیان مەترسی لەسەرە بەرهەمی  دەبێت”.

سنووری سلێمانی

لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ملیۆنێک و 520 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە؛ شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ڕاگەیاند، لە زەوییەکانی سنوورەکەیان زیاتر لە 600 هەزار دۆنم بە گەنم و جۆ چێندراوە و لە بەشێکی شوێنەکان مەترسییان لەسەر نییە.

ئەو ناوچانەی مەترسیی وشکەساڵییان لەسەرە دەڤەری گەرمیان و ناوچەکانی سەنگاو، قادرکەرەم و بانی مەقانن لە قەزای چەمچەماڵ.

شاڵاو جەمال گوتی: “ئەمساڵ پێشبینی دەکەین نزیکەی 650 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم و جۆمان هەبێت؛ ساڵی رابردوو تەنیا 97 هەزار تۆن لە جووتیاران لە نێوخۆ وەرگیرا؛ ئەوی دیکە فرۆشرایە بازرگانانی بازاڕەکانی خوارووی عێراق”.

سنووری دهۆک

لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 940 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی: “ئەمساڵ 805 هەزار دۆنم لە زەوییەکانی سنوورەکەمان چێندراوە”.

ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد کە جارێک نازانن بەرهەمی گەنم و جۆن چۆن دەبێت و بە بارینی بارانن دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت؛ گوتیشی: “بەرهەمی ساڵی رابردوو کە رادەستی سایلۆ کرا 50 هەزار تۆن بوو؛ ئەمساڵ ئەگەر باران نەبارێت لە ساڵی رابردوو خراپتر دەبێت؛ بەتەواویی سنوورەکە مەترسی وشکەساڵی لەسەرە”.

سنووری هەڵەبجە

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 71 هەزار دۆنمی زەوی کشتوکاڵی هەیە؛ ئازاد هەڵەبجەیی کە بە جووتیاریی نموونەیی ناسراوە، رایگەیاند: “سنووری هەڵەبجە زۆرینەی زەوییەکانی ئەمساڵ بە گەنم و جۆ چێندراون؛ چونکە باران کەمە و خەڵک لەم ساڵانەدا زیاتر گەنم و جۆدا دەچێنێت”.

ئازاد هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەکرد کە زۆرینەی زەوییەکانی سنوورەکە مەترسییان لەسەر نییە و گوتی: “ناوچەی هەورامان و هەندێک شوێنی دیکە زۆر زۆر پێویستیان بە زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاوە؛ بارانێک ببارێت مەترسییان لەسەر نابێت”.

پەیوەندیدار