سەرۆكایەتی كۆماری عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكانی توركیا بڵاوكردەوە

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی توركیا قبوڵكراو نییه‌ و عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌، خاكه‌كه‌ی ببێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان، هه‌روه‌ها نابێت خاكی عێراقیشه‌وه‌ هێرشبكرێته‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ.

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌نیگه‌رانیه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی توركیا له‌ناو سنوری عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت كه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.

راشیگه‌یاند، “دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌ سنوری عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشتر داوای راگرتنیان و ئه‌نجامدانی گفتوگۆ و هه‌ماهه‌نگی كراوه‌، قبوڵ ناكرێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “له‌كاتێكدا جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ڕێگه‌ی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش و گفتوگۆی پێشوه‌خته‌وه‌، ڕێوشوێنی ئه‌منی تاكلایه‌نه‌ش له‌دۆسیه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوی ئه‌منی قبوڵكراو نییه‌ و پێویسته‌ رێز له‌سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگیرێت”.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، “بڕیاری فه‌رمی ده‌وڵه‌تی عێراق و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رده‌وامی ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌یه‌ كه‌ عێراقه‌ بكرێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی پێشێل بكرێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری دروست بكرێت”.

وته‌بێژه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌وه‌شی راگه‌یاندوه‌، “عێراق ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ بكرێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ ده‌ستدرێژی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر هیچ وڵاتێكی دراوسێ”.

پەیوەندیدار