عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیاوە راگەیاند

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی تورکیا و بۆردوومانکردنی خاکی عێراق “بە توندی سەرکۆنە دەکەین.”

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی نوێی تورکیا لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، “حکومەتی عێراق ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی تورکیا و بۆردوومانکردنی خاکی عێراق لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لە باکووری عێراق، لە رێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە توندی سەرکۆنە دەکەین.”

ئاماژە بەوەش دەکات، “ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات.”

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیدەگەیێنێت، “عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ ململانێ و یەکلاکردنەوەی کێشە دەرەکییەکان.”

رۆژی دووشەممە 18ـی نیسانی 2022، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکەی لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤەشینیان لە باشووری کوردستان دەستیپێکردووە.

وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی، ئۆپەراسیۆنەکەیان وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت و ئەو ئامانجەی لە قۆناخی یەکەمدا دیاریکرابوو، بەدەستهاتووە.

ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە، رۆژی دووشەممە 18ـی نیسانی 2022 راگەیێندراوێکی نوێی لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە. هەپەگە ئاماژە بەوە دەکات، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر هێزی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ 28 سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش بریندارن. هەروەها دوو هەلیکۆپتەریشیان پێکاوە.

پەیوەندیدار