هەریەک لە سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر ئاستی باڵا و فەرمی و موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی لەسەر ئاستی هێز و لایەنە سیاسییەکان کاردانوەی خۆیان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لە هەرێم راگەیاند و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراقیان وەسف کرد. هاوکات، سێ سەرۆکایەتییەکی هەرێمیش تا ئێستا بێدەنگییان هەڵبژرادووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەرۆکایەتی کۆمار بە نیگەرانیەوە بەدواداچوون بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیای دراوسێ لە هەرێم دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراقی و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، دووبارە بوونەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو سنوری خاکی عێراق و هەرێم و بەبێ هەماهەنگی کردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی جێگەی قبوڵ نییە.
دەشڵێت، پێشتر چەندین جار داوایان لە تورکیا کردووە، بێ گفتوگۆ و هەماهەنگی کردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا تورکیا هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامنەدات.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکومەتی عێراق بەهەموو شێوەیەک بەردەوام رەتیکردووەتەوە خاکەکەی ببێتە گۆڕەبانی ململانێ و یەکلایی کردنەوەی کێشەکان و هێرش کردنە سەر سەروەری عێراق و هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و سەقامگیری ناوخۆیی وڵات. بەهەموو شێوەیەک رەتی دەکاتەوە خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و کاری دوژمنکارانە بۆ سەر هیچ کام لە دراوسێکانی.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، عێراق بەهەموو شێوەیەک ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە هەرێم رەتدەکاتەوە و بەتوندی سەرکۆنەی دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆردومان کردنی ناوچەکانی مەتین و ئاڤاشین و باسیان و زاب لە هەرێمی کورستان لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئاتاکەوە سەرکۆنە دەکات.
دەشڵێت، عێراق ئەم کردەیە بە پێشێلکردنی سەروەری و رێزی وڵات دادەنێت و هاوکات، پێچەوانەی بەڵگەنامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندی نێوان وڵاتان رێکدەخات.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەم هەنگاوەی تورکیا پێچەوانەیە لەگەڵ بنەمای باش مامەڵەکردنی وڵاتانی دراوسێ کە پێویست دەکات پێکەوە بە هاوبەشی کاربەکن لە بواری ئەمنییدا بە ئامانجی خزمەتکردنی هەردوولا و دەبێت لەمەشدا پێداگری بکەن.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، حکومەتی عێراقی هەرگیز رێگەنادات خاکەکەی ببێتە پەناگە و رێڕەوی هیچ زیانگەیاندنێک بە هیچ کام لە دەوڵەتەکانی دراوسێی، هەروەک چۆن رەتیدەکاتەوە خاکەکەشی بکرێتە مەیدانی ململانێکان و یەکلایی کردنەوەی کێشەی لایەنەکان.
هەروەها، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوەدا، تورکیای دراوسێ بێ هیچ پاساوێک بۆردومانی خاکی عێراقی کردووە، ئەگەر هەڕەشەیەک هەیە بۆ سەری ئەوا پێویستە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کۆتایی پێبهێنێت، چونکە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەو توانایەیان هەیە.
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، ئەگەر ئەمە جارێکی دیکە دووبارە بێتەوە بێدەنگ نابین، چونکە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و هیچ دەستدرێژیەك و تێکدانێكی دۆخی ئەمنی قبوڵ ناکەین. هەروەکچۆن هیچ هێرش و دوژمنکاریەکیش بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێشی قەبوڵناکات.
لەکۆتایی پەیامەکەی موقتەدا سەردا هاتووە، هەرکەس خوازیارە پەیوەندییەکانمان بەهێزبێت و هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بپارێزێت، ئەوا بەهەمان شێوەی دبلۆماسی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش بەمەبەستی بەرکارکردنی مامەڵە دبلۆماسییەکان.
لەلایەن خۆشییەوە، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، “لەکاتێکدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین سنورەکانی بپارێزێت و رێگەنەدات ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک و ببێتە گۆڕەپانی هێرش کردن بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، ئەوا داوا لە وڵاتانی دراوسێش دەکەین رێزی سەروەریی عێراق بگرن و هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە خاکەکەیدا ئەنجام نەدات”.دەشڵێت، بەهەموو شێوەیەک ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە هەرێم رەتدەکەینەوە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقیش لە ڕاگەیەنراوێكدا سەرکۆنەی هێرش و ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: “سەرمان لەو بێدەنگییە سەیرەی ئەو دەستدرێژییانە سوڕماوە.”
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی نیسانی 2022، حەیدەر عەبادی، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووک – قوفڵ کە لە رۆژی 18ی نیسانی 2022 ەوە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، هەڵوێستی خۆی راگەیاند و لە راگەیێنراوێکدا لەوبارەیەوە دەڵێت: “بەردەوام پێشێلکردنی سەرەوەیی عێراق لەلایەن تورکیاوە کارێکی مەترسیدارە و پەیوەندییەکانی هەردوولا بەرەو ئاقاری نادیار دەبات، ئێمە لەو بێدەنگییە سەیرەی لەسەر ئەو پێشێلکارییانە هەیە سەرمان سوڕماوە.”
هەروەها دەڵێت: “ئەو بێدەنگییە هەڵوێستگەلێکن پرسیار دەوروژێنن لەبارەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و هێزە سیاسییەکان بۆ پاراستنی وڵات و سەرەوەرییەکەی، داوا دەکەین تورکیا بە مافی دراوسێیەتی و وڵاتانی دیکەش چاو بە سیاسەتەکانییان بەرامبەر بە عێراقدا بخشێننەوە.”
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی “کلیل چنگ”ی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاتاک ناوچەکانی شێلادزێ و مەتین و ئاڤاشین و زابی بۆردوومان کرد و راشیگەیاند، تا دوا ئامانجی پلان بۆدانراوی خۆیان بەگوێرەی پلانی ستراتیجی سەربازییان لە ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
هاوکات، تا ئێستا هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی فەرمییان نەبووە.