ئەمڕۆ سێشەممە نرخەکانی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبوونەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرووی 113 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بۆ کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیا دەگەڕێتەوە کە نیگەرانیی دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 19-4-2022 نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 61 سەنت بەرزبووەوە بە 113 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 33 سەنت بەرزبووەوە بە 108 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە لیبیا بەهۆی مانگرتنی کرێکاران لە کێڵگەیەکی ئەو وڵاتە نزیکەی 70 هەزار بەرمیل لە هەناردەکاری ئەو وڵاتە کەمبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە کرانەوەی کارگەکان لە چین بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ نەوتی خاو لە بازاڕدا بەرزبێتەوە.
لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبونی سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و و کەمبونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵدا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی زیاتر لە مانگێکیە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەناو خاکی ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.