ئەمریكا : روسیا هێزەكانی لە بەرەی ڕۆژهەڵات 10 هێندە زیاد كردووە

سەربازێکی ئۆکراینا بە وردی تەماشای بەرەی شەڕی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەکات، ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا دەستی بە هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە.

ئاندرێ، سەربازی ئۆکراینی دەڵێت، “دیارە رووسیا دەستی بە هێرشە سەربازییەکەی کردووە، بەڵام ئێمە لە ساڵی 2014ـەوە گوتوومانە، ئەم شوێنە بۆ سەربازە رووسەکان دەکەینە گۆڕستان”.

ئەو ناوچەیە رۆژانە لەلایەن فڕۆکە و تۆپخانەکانی رووسیاوە تۆپباران و بۆردوومان دەکرێت، بە دووری 70 کیلۆمەتر لە سەربازانی ئۆکراینا، رووسیا هێزە ئاسامانییەکانی ئامادەکردووە.

ئەم هێلیکۆپتەرەی جۆری کەی ئەی-52 لە هێرشی سەر سوپای ئۆکراینا لە رۆژهەڵاتی وڵات دەگەڕێتەوە، دەستبەجێ هێلیکۆپتەرێكی دیکە شوێنەکەی دەگرێتەوە و بەرەو ناوچەکە دەڕوات.

کیتۆساڤ، فڕۆکەوانی سەربازی سوپای رووسیا گوتی، “ئەم فڕۆکەیە هەڵگری مووشەکی ئاڕاستەکراوی زۆر پێشکەوتووە. ئێمە ئامادەکارییەکانمان لە بەرەی رۆژهەڵاتدا گەیاندووەتە بەرزترین ئاست”.

ئەمریکا دەڵێت هێزەکانی رووسیا لە بەرەی رۆژهەڵاتدا بە 10 هێندە زیادیان کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا سوپای ئۆکرایناش وەک خۆی دەڵێت قۆڵی بۆ ئەو شەڕە هەڵکردووە و ئەمریکاش بەڵێنی پێدانی چەکی دیکەی پێشکەوتووی پێداوە.

پەیوەندیدار