وەزیری ئابوریی فەڕەنسا رایگەیاند، داوایان کردووە گەمارۆ بەسەر نەوتی روسیادا بسەپێندرێت. دەشڵێت، “وەک چۆن گەمارۆ خرایە سەر خەڵوزی روسیا ئاواش گەمارۆخستنە سەر نەوتەکە گرنگە.”
برونۆ لو ماری وەزیری ئابوری فەڕەنسا لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی”Europe 1″، باسی لەوە کرد کە ساڵانێکە سەرچاوەی پارەی روسیا نەوتە نەک گاز.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی فەڕەنسا و سەرۆک کۆماری وڵاتەکەش هەمیشە هیواخوازبوون گەمارۆ بسەپێندرێت بەسەر خەڵووز و نەوتی روسیادا.
دەشڵێت، پێشتر گەمارۆ خرایە سەر خەڵووز، کاتێکیش رووداوەکانی ناوچەی دۆنباس لە ئۆکراینا لەبەرچاودەگیرێت، دەبینرێت کە پێویستە هەناردەی نەوت لە روسیاوە رابگیرێت.
برونۆ لو ماری ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵ دەدەن هاوبەشە ئەورووپییەکان رازی بکەن لەبارەی گەمارۆی سەر نەوتی روسیا، بەڵام هەندێکیان سڵدەکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ٢٣ی شوبات بەدواوە بەردەوام ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکرێت بە پێشێلکردنی یاساکانی جەنگ و کردنە ئامانجی شوێنی هاوڵاتییانی مەدەنی. هەروەها، هەریەک لە ئەمریکا و کەنەدا و ژاپۆن و کۆریای باشور و سەنگافورە و بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیەک سزای ئابوری و دارایی و بازرگانی قورسیان بەسەر روسیادا سەپاند و لە سیستمی سویفتی جیهانی کردیانە دەرەوە و بەهای رۆبڵی روسی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.