وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی لێدوانەکانی ئەردۆغانی دایەوە و رەتیدەکاتەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی و ئاگاداری حکومەتی ناوەندی کرابێت.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند: وەزارەتەکەمان ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بە پێشێلکردنی زەقی سەروەری خاکی عێراق دادەنێت و هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و زیانیش بە هاووڵاتی سڤیل دەگەیەنێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق قسەکانی سەرۆکی تورکیاشی رەتکردەوە، کە باسی لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەنقەرە و بەغدای کردوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێککەوتنێک لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە بۆ ئەوەی چەکدارانی پەکەکە بێنە نێو خاکی عێراق و ئەمەش ببێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی سوپای تورکیا درێژە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق بدات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، ئەردۆغان لە دوای یاداشت نامەی توندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبو، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە باکوری عێراق بە هەماهەنگی حکومەتی ناوەندییە و ئامانجییان پاککردنەوەی خاکی عێراقە لە پەکەکە.