لەیادی 124 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی و دەرچونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی تەواوی گەلی کوردستان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و میدیاکارانی کوردستان بەتایبەتی دەکەین .
شایانی باسە، کاروانی رۆژنامەنوسانی کوردستان پڕاوپڕبووە لە ململانێی سەخت و قوربانیدان لە پێناو بەرز ڕاگرتنی پێنووس و برەودان بە رۆژنامەی کوردی، لەبەرامبەر رژێمە سەرکوتکەرەکان ئەو حکومەتانەی کە حوکمی کوردستانیان کردووە.
عەقلیەتی دیکتاتۆریانەی رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان کە هەمیشە لە هەوڵی سەرکوتکردنی گەلەکەمان دابوونە لەو نێوەندەشدا رۆشنبیران و نوسەران و رۆنامەنوسان پێشەنگی قوربانیەکان بوون. ئەو توێژانە هەمیشە لەئەرکێکی پیرۆزو قورسدا بوون، لەپێناو جەسپاندن و پێشخستنی زمان و فەرهەنگ و کلتورو ئەدەب و هونەری نەتەوەکەمان، خەبات و تێکۆشان بۆئازادی و یەکسانی و هەردەم دەنگی حەقی ئەوان دەنگێکی زوڵاڵ بووە ، وە دەرکردنی یەکەم رۆژنامە لە ئاوارەیی و دەرەوەی وڵات دەرخەری ئەو ڕاستیانەیە کە رۆشەنبیرانی کورد لە ئاوارەیی و دەربەدەریش لە کاروانی رۆژنامەوانی دانەبڕاون.
لە ئێستادا کە لە باشوری کوردستان دەیان ساڵە حوکمی خۆماڵی هەیە پەرلەمانی کوردستان کاری رۆژنامەوانی بە یاسا رێکخستوە، بەڵام مخابن رۆژنامەونوسان تیرۆر دەکرێن و راپێچی زیندان دەکرێن و بە یاسای دیکە سزا دەدرێن.
بۆیە لە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ ئەو دەنگانەی کە داوای ئازادی کاری رۆژنامەگەری دەکەن لە کوردستاندا، هەر لەو بۆنەیەشدا داوا دەکەین کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەلی یەکسان بۆ رۆژنامەنوسان بڕەخسینێت لە پێدانی زانیاری و رێگریکردن لە گرتن و زیندایکردنی رۆژنامەنوسان و کارکردن بە یاسای کاری رۆژنامەگەری و هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە بەشێوەیەک کە زامنی ئازادی کاری رۆژنامەگەری بکات و بە روونیش ئەرک و مافی رۆژنامەنوسان تیایدا دیاریکرابێت.
جارێکی دیکە پیرۆزبێت ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردی
مەکتەبی راگەیاندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
22/4/2022