گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی نێوان سعودیە و ئێران لە بەغدا بەڕێوەچوو و میدیای نزیک لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش دەڵێت، ئەرێنی بووە.
ئەمڕۆ شەممە 23-4-2022 ئاژانسی هەواڵی “نورنیوز”ی نزیک لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بڵاویکردەوە، پێنجەمین گەڕی دانوستاندنی نێوان دوو شاندی باڵای ئێران و سعودیە لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کەی ئەو کۆبوونەوەیە کراوە.
بە گوێرەی ئەو ئاژانسە، بەرپرسانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی سعودیە نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان لە دانوستاندنەکان کردووە.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆڵی عێراق و عومانی بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان بەرز نرخاندووە و رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتووشدا بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سعودیە کۆببنەوە.
لە ساڵی 2016دا پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران پچڕان، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران.
توڕەبوونی سعودیەکان لەوەوە هات کە سعودیە کەسایەتییەکی دیاری شیعەی لە وڵاتەکەی کوشت. ساڵی رابردووش هەردوو وڵات دەستیان بە دانوستاندنەکانی نێوانیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە.