پاراسیتامۆڵ یەکێکە لەو دەرمانانەی کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین بەکارهێنانی هەیە، بەڵام ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی دەڵێت، بەکارهێنانی درێژخایەنی ئەم دەرمانە ڕێگەخۆشکەرە بۆ تووشبوون بەنەخۆشیی شێرپەنجەی گورچیلەکان.
شارەزایانی بواری پزیشکی هاوڕان لەسەرئەوەی، خواردنی دەرمانە دژە هەوکردنە ناسترۆیدییەکان بۆ ئەوکەسانە کارایە کە دڵو جگەریان ساغە، بەڵام بەکاربردنی ژەمی گەورە ڕەنگە مەترسیی زیانگەیاندنی زۆری بۆ گورچیلە لێبکەوێتەوە، کە هەندێکجار ڕەنگە بگاتە ئاستی گیانلەدەستدان، ئەویش کاتێک دەگۆڕێت بۆ بەرهەمێکی لاوەکییو ژەهراویی.
ئەنجامەکانی شیکردنەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە، پاراسیتامۆڵ پەیوەندیی بەتووشبوون بەنەخۆشیی شێرپەنجەی گورچیلەکانیشەوە هەیە.
لەوبارەیەوە ڕیبیکا ئی گراف پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەبەشی پەتاناسییو زیندەوەرزانیی لەزانکۆی کالیفۆڕنیا دەڵێت:”داتاکانی لێکۆڵینەوەکانمان ئەوەیاندەرخستووە کە پەیوەندیی هەیە لەنێوان بەکاربردنی درێژخایەنی پاراسیتامۆڵو زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی خانەکانی گورچیلە”، لەکاتێکدا چەند داتایەکی تر هەیە دەڵێت، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئێسکپرێسی بەریتانی، ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ ئەنجامی چەند لێکۆڵینەوەیەکی پێشووتردا دێتەوە کە دەڵێت بەکاربردنی درێژخایەنی ئازارشکێنەکان جگە لەئەسپرین، ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی گورچیلە بەڕێژەی لەسەدا 50 زیادبکات.
ئەو ئەنجامانەش کە لەبڵاوکراوەی خولیی ئەرشیفی پزیشکی هەناویدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ئافرەتو پیاوانی دەرمان دەخۆن، بەهەمان ئەندازەی یەکسان مەترسییان دەکەوێتەسەر.