درەنگانی دوێنێ شەو هەریەك لە وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لەگەڵ ڤلۆدیمۆر زیلینسکی کۆبونەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.
دوای کۆبونەوەکە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ئەوەی بینیمان لە شەقامەکانی ئۆکرانیا دەرخەری ئەوەیە کە شەڕی کیێڤ لە بەرژەوەندی ئۆکرانیا یەکلایی بوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، روسیا شکستی هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا.
بلینکن دەشڵێت: لەم هەفتەیەدا دیبلۆماتکارە ئەمریکییەکان دەگەڕێنەوە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.
هاوکات، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: لە گەشتەکەماندا بۆ کیێڤ بۆمان دەرکەوت ژیان بەرەو ئاسایی بونەوە دەڕوات.
هەردو وەزیرەکە بەڵێنی خەرجکردنی (713) ملیۆن دۆلاری ئەمریکییان بە ئۆکرانیا دا.
لەلای خۆشییەوە، ڤلۆدیمۆر زیلینسکی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: هاوڕێیەتی و هاریکاری کیێڤ و واشنتۆن لە بەهێزترین ئاستیدایە و لەگەڵ هەردو وەزیرەکە زیاتر گفتوگۆکانمان لەسەر ناردنی زیاتری چەکی ئەمریکی بوە بۆ وڵاتەکەمان.