نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە 26ی نیسانی 2022 بە رێژەیەکی کەم بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و بەرمیلێک نەوتی برێنت ئێستا بە زیاتر لە 102 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخەکانی نەوت لە رۆژی دووشەمە بەهۆی داخرانی شانگهای لە چین لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەی 4%دابەزیبوون؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی هەر بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 102 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 16 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 98 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئوندا لەوبارەیەوە دەڵێت، “داخرانی شانگهای بە واتای نەمانی خواست بۆ بەکارهێنانی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت دێت لە بازاڕەکاندا. نرخەکانی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیوەست دەبن بە رێوشوێنەکانی حكومەتی چین و مامەڵەی لەگەڵ پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.”
بەپێی شرۆڤەکاران، هێشتا بازاڕی نەوت نیگەرانی نەمانی نەوتی رووسیایە بەو پێیەی کە وڵاتە ئەوروپییەکان ئامادەکاری بۆ قەدەخەکردنی نەوتی رووسیا دەکەن.
رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت 7 دۆلار و نرخی نەوتی سووکی تەکساس 6 دۆلار دابەزیبوون.