بەهۆی خەولێكەوتنی شۆفێرێکی بارهەڵگرێك لە کاتی لێخوڕین لە شەقامی (120) مەتری هەولێر، روداوێکی هاتوچۆ رویدا و بەهۆیەوە کرێکارێک گیانیلەدەستدا.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند: کاتژمێر (09:00)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی 120 مەتری، لەبەرامبەر فڕۆکەخانە تانکەرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی کە 36 هەزار لیتر بەنزینی هەڵگرتبو، شوفێرەکەی لەکاتی لێخوڕین خەوی لێدەکەوێت.
دەشڵێت: بەهۆیەوە شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و ئۆتۆمبێلەکە دەکەوێتە سەر شۆستە و لەو شوێنە کۆمەڵێک کرێکار چاوەڕێی ئوتومبێلی کۆمپانیایان دەکرد کەبیانگوازێتەوە، بۆیە تانکەرەکە بەرەو لای ئەوان چوە و سەرجەمیانی خستە ژێرەوە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاشکراشی کردووە، لەدەرەنجامی روداوەکە کرێکارێک گیانی لەدەستداو سێ کرێکاری تریش برینداربون.
رێنمایش دەداتە شۆفێران خەو لێخوڕین بەیەکەوە کۆنەکەنەوە، چونکە لەو کاتەدا ئەگەری رودانی کارەسات لە هەموو کات زیاترە.

