سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم راگەیاند، پارەی فرۆشراوی نەوتی هەرێم گەڕاوەتەوە و پێدەچێت دوای جەژن دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ب راگەیاند، ئێستا پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم گەڕاوەتەوە کە زیاترە لە ٥١٥ ملیار دینار.
باسی لەوەشكرد، لەگەڵ بەشێکی داهاتی ناوخۆ کە ڕۆژانە دێتەوە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی؛ بەو جۆرەش تاوەکو پێش جەژن پارەی کۆکراوە بۆ موچەی مانگی نیسان نزیک دەبێتەوە لە تەواو بوون و تەنها بڕێکی کەمیان پێویست دەبێت.
باسی لەوەشکرد، بەو هۆیەوە پێدەچێت لەدوای جەژن دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان بکرێت.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دەستپێکردن بە دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان بوونی نییە و دابەشکردنی موچە ئەگەر پارەش لەبەردەستدا بێت؛ ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریلێنەدات وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردن ناکات. بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و وەزیری دارایی هەرێمیش کە چەند مانگە بەشداری کۆبوونەوەکانی نەکردووە تیایدا بەشدار بێت؛ بەڵام بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە؛ باسکردنی موچەی مانگی نیسانی تێدا نییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، مانگانە لە هەموو ٢٥ی مانگێکدا دەست دەکەن بە دابەشکردنی موچەی مانگەکە و بەوجۆرەش دواکەوتنی موچە دانمێنێت. بەڵام نەک لە هەموو ٢٥ی مانگێکدا موچە دابەشنەکرا، ئەوە موچەخۆران لە کۆتایی مانگی نیساندان و هێشتا بەشێکی وەزارەتەکان موچەیان وەرنەگرتووە.