رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیەنێت، حاڵەتەکانی توشبون بە نەخۆشی سورێژە بەرێژەی نزیکەی 80% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لەنێوان دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، جەختیشدەکاتەوە جەختیشدەکاتەوە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە کەلێنە لە پێدانی ڤاکسینەکان لە جیهاندا.
لەمبارەیەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی منداڵانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتێکدا بڵاویانکردوەتەوە:”لە دوو مانگی یەکەمی سەرەتای ئەمساڵ بەراورد بە دو مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو حاڵەتەکانی تووشبونی منداڵان بە سورێژە بەرێژەی 79% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لەمەر ئەمەش ترسی توشبونی ملیۆنان منداڵ لەئەمساڵدا بەنەخۆشییەکە لەئارادایە”.
ئاماژە بەوەشكراوە:” لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ 17338 حەڤدەهەزار و سێسەد و سی و هەشت، حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، لەکاتێکدا ساڵی پار لەهەمان کاتدا 9665 نۆ هەزار و 665 حاڵەت بوە”.
لای خۆیەوە کاترین راسل، بەڕێوەبەری گشتی یونسێف رایگەیاندوە، سورێژە تەنها نەخۆشیی و پەتایەکی مەترسیدار نییە کە ببێتە هۆی مردن، بەڵکو پێشمان دەڵێت چ کەلێنێک لە پێدانی ڤاکسینەکاندا هەیە لە ئاستی جیهاندا”.
هاوكات تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی جیهانی وتویەتی: ڤایرۆسی کۆرۆنا رێوشوێنەکانی پێدانی ڤاکسینەکانی وەستاندوە، لەئێستادا ئاگاداری گەڕانەوەی نەخۆشییە کوشندەکانین بەو هۆیەوە لەنێوانیشیاندا سورێژە، وەستاندنی پێدانی ڤاکسینەکان لەماوەی دە ساڵی داهاتودا کاریگەری لەسەر چەندین نەخۆشی دیکە دەبێت”.
جەختیشیکردەوە،”ئێستا کاتی ئەوەیە بە گەڕاندنەوەی کوتانەکان قەرەبوی بکەینەوە بە شێوەیەک هەموان بتوانن لە ڤاکسینە زیندوە گرنگەکان سودمەندن بن”.
لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەساڵی 2020زیاتر لە 23 ملیۆن منداڵ بێبەشبون لە وەرگرتنی ڤاکسینە جۆراجۆرەکان، ئەمەش هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی سورێژەیە.