ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئەگەری وەستاندنی هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی نێوان وڵاتەکەی و رووسیا هەیە.
زیلینسکی رۆژی هەینی 29-4-2022 گوتی: “کاتێک رووسییەکان بەڵێنی شتێک دەدەن، وەکو ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییەکان، بڕوایان پێناکەم.”
سەرۆکی ئۆکراینا رووسیای بە پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکان و رێککەوتنەکان تۆمەتبارکرد و گوتی، چەندین جار لەسەر ئاڵۆگۆڕکردنی دیلەکانیان رێککەوتوون، بەڵام بە گوتەی خۆی، دواتر لە ناکاو “هەڵەیەک روویداوە.”
زیلینسکی جەختی لەسەر پێویستی سەرکەوتنی گفتوگۆکان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتی و سەربازانی ئۆکراینی لە کارگەی ئازۆڤستال لە ماریوپۆل کردەوە و گوتی: “هەریەک لە ئێمە لەوە تێدەگات کە ئەگەر بتوانین ژیانی ئەوان رزگاربکەین، واتە خەڵکی سڤیل، سەربازان و بریندارانمان، ئەوا پێویستە هەموو شتێک لەو پێناوەدا بکەین.”
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، نزیکەی 100 هەزار کەس لە شاری گەمارۆدراوی ماریوپۆلدا بێ ئاو، خۆراک و دەرمان، گیریان خواردووە.
مەزەندە دەکرێت دوو هەزار سەربازی ئۆکراینی و چەکداری لایەنگریان، لەگەڵ هەزار کەسی سڤیل لە ژێر زەمینی کارگەی ئازۆڤستالدا مابنەوە.