لە راگەیەنراوێكدا ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڤیدیۆی دانپیادانانی تۆمەتباری كردەوەیەكی تیرۆریستی لەشاری موسڵ بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاندوە، دەزگاكانی ئەنجومەنی ئاسایش یەكێك لە بەشداربوەكانی كردەوە تیرۆیستییەكەی شەوی 28ی نیسانی 2022ی شاری موسڵی دەستگیر كردوە، ئەم پرۆسەیە یەكێكە لە هەوڵە بەردەوامەكانیان لەپێناو ئارامی و ئاسایشدا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لەبەرواری 30-4 لەسنوری پارێزگای دهۆك توانیان یەكێك لە تۆمەتبارە سەرەكییەكانی كردەوە تیرۆریستییەكەی كۆمەڵگەی رۆشنبیری شاری موسڵ دەستگیر بكەن كە بوە هۆی برینداربونی چەند هاووڵاتیەك بەناوی شەوكەت عەبدوڵڵا ساڵح.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندوە، لەئاكامی لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباردا دەركەوتوە ناوبراو لە رێگەی ئەمیرێكی رێكخراوی داعشەوە بەناوی محەمەد زوهێر ناسراو بە ئەبو جاسم راسپێردراوە بۆ دابینكردنی ئۆتۆمبێلی بەكارهاتوو.
لە دانپیادانانەكەدا تۆمەتبار رایدەگەیەنێت، پیشەی فیتەر بوە دوای ئەوەی رۆیشتۆتە دهۆك ماوەیەك لە توركیا ژیاوە و دواتر گەڕاوەتەوە عیراق و پەیوەندی لەگەڵ داعشدا بەردەوام بوە، ئەركی كڕینی ئۆتۆمبێلی پێسپێردراوەو بۆی گەیاندونەتە موسڵ و دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بۆ بردون داویانلێكردوە لە شوێنێك جێی بهێڵێت و وێنەو ناونیشانیان بۆ بنێرێت دواتر خۆیان رۆیشتون ئۆتۆمبێلەكەیان بردوەو تەقاندویانەتەوەو كارەكەیان پێ ئەنجامداوە.