گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن بەشێکی زۆری هیندستانی گرتوەتەوە. لە شاری نیودەلهیی پایتەخت، دوو رۆژە لەکاتی نیوەڕۆدا پلەی گەرما دەگاتە 46 پلەی سیلیزی. سەیری هەر لایەک بکەی، کەسێک بە دەبەیەکی ئاوەوە دەبینی، خۆی فێنێک دەکاتەوە.
رۆنی، کرێکارە و دەڵێت، “لە کار گەڕاومەتەوە. بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە نیودەلهی هەیە، ئەمڕۆیان بۆ کردینە پشوو. ئەم گەرمایە خەڵکی نیگەرانکردووە، چونکە لە دۆخێکی خراپدایە.”
بەشێکیشیان بە چەتر خۆیان لە گەرماکە دەپارێزن؛ گەرمایەک تەنیا لەمساڵدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 25 کەس. لە ساڵی 2010ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس بەهۆی گەرماوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
هاوینی ئەمساڵی هیندستان زوو هات. هەر لە مانگی ئادارەوە پلەی گەرما لە باکوور و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە گەیشتە سەرووی 40ی سیلیزی، کە 122 ساڵ بوو گەرمای بەو جۆرە لەو کاتەدا تۆمارنەکرابوو.
لاکشمی، کچێکی دانیشتووی نیودەلهییە و باس لەوە دەکات، “زۆر گەرمە. ساڵانی رابردوو، هەرگیز بەم راددەیە گەرم نەبووە. حکومەتی نیودەلهی رێنمایی بۆ خەڵک دەرکردووە کە لە نێوان کاژێر 12 و 3ی دوانیوەڕۆ نەچنە دەرەوە، مەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت.”
لە شاری ئەحمەدئابادی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، باڵندە و گیانەوەرانیش لە گەرماکە سەلامەت دەرنەچوون. باڵندەیەک لە تێنوێتییدا لە ژێر دیوارێک بێ جووڵە کەوتووە. خۆبەخشێک هەڵیدەگرێتەوە و دەیباتە نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری.
گیرا شاهـ، پزیشکی ڤێتێرنەری دەڵێت، “رێگە و کێڵگەکان زۆر گەرم دەبن و دەتوانیت ببینیت چۆن هەڵم لە جادەکان بەرزدەبێتەوە. بۆیە رۆژانە لانیکەم 50 بۆ 60 باڵندەی تینوو وەردەگرین.”
باڵندەکان لە بەر گەرما و تینوێتی، لە درەختە بەرزەکانەوە دەکەونە خوارەوە و باڵیان دەشکێت. نەخۆشخانەکە تەنیا لە یەک مانگی رابردوودا، دوو هەزار باڵندەی لە مردنی بەهۆی گەرماوە رزگارکردووە. شارەوانیی شارەکەش بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژاندنەوە، ئاو بەسەر دارەکانی شارەکەدا دەپرژێنێت بۆ ئەوەی باڵندەکان لە تینوێتی رزگاربکات.