وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە پەتای (تای خوێنبەربوون) دەدات و دەڵێت: “تائێستا 8 كەس گیانیان لەدەستداوە”.
د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە ڤایرۆسی (تای خوێنبەربوون) لە عێراق نوێ نییە و پێشتریش هەبووە، بەڵام لەمساڵدا و تائێستاش 40 تووشبووی ڤایرۆسەكە لە هەموو عێراق تۆماركراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تا ئێستا 8 كەس بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش نیشانەی زیادبوونی پەتاكەیە لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەشڵێت: “داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاند دەكەین هۆشیاری لەبارەی ئەو ڤایرۆسە بڵاوبكەنەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ لە موسڵ حاڵەتێكی تووشبون بە پەتاكە و لە شاری كەركوك حاڵەتێكی مردن بە پەتاكە تۆماركراوە.