ئەمڕۆ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

بەگوێرەی نوێترین خشتەی دابەشکردنی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بۆ مانگی نیسان، ئەمڕۆ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەی ٧٠ و ٨٠ دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ٢٠٢٢ی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٠ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەی ٧٠ و ٨٠ دابەشدەکرێت.

دابەشكردنی  موچەی مانگی نیسان لە کاتێکدایە فەرمانبەرانی هەرێم نزیکن لە ناوەڕاستی مانگی ئایار، لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام نەک بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر، بەڵکو دابەشکردنی موچە مانگێک لەدواوەیە.

جگە لەوەی سیستمی دابەشکردنی موچە خراپە و بەبیانووی نەبوونی پارەوە دابەشکردنەکە دوادەکەوێت؛ ئەو گرفتەش زیاتر سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوانەش شێوەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان کێشەی تێدایە و تەنها لەکاتی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات و لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنج خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی ئازاردا، چەندین خانەنشین برینداربوون.

پەیوەندیدار