تای خوێنبەربوون گەیشتە پارێزگایەكی دیكەی عێراق

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای نەجەف لە راگەیەندراوێكدا تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوونی لە پارێزگاکە راگەیاند.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پارێزگاکانی کەربەلا، بەسرە، میسان، كەركووك و نەینەواش تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی تای خوێنبەربوونیان راگەیاندووە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا نۆ حاڵەتی مردن و نزیکەی 50 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراوە، یەکێک لە حاڵەتەکانی مردن لە کەرکووك بووە.

تای خوێنبەربوون چییە و چۆن خۆت دەپارێزیت؟

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، لەڕێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ بەهۆی بەركەوتنەوە، دواتر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر لە ڕێگەی شلە و خوێنەوە دەگوازرێتەوە.

نەخۆشییەكە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگی جیهانی دووەمدا سەری هەڵداوە و 40%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.

هۆكارەكانی گواستنەوەی ڤایرۆسیی “تای خوێنبەربوون” بۆ مرۆڤ:
1- ئەگەر میشۆلەیەك یاخۆد گەنەیەك هەڵگری ڤایرۆسەكە بە مرۆڤەوە بدات، ئەوا مرۆڤەكە تووشی تای خوێن بەربوون دەبێت، یان مرۆڤ مێشۆلەكە بگرێت و بیكوژێت و خوێنەكەی بەر مرۆڤ بكەوێت، تووشی نەخۆشییەكە دەبێت.
2- ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لە رێگەی سەربڕینی ئاژەڵی تووشبووەوە، كاتێك خوێنەكەی بەر مرۆڤ دەكەوێت، یاخۆد لە رێگەی خواردنی بەروبوومی ئاژەلی تووشبووەوە، بەڵام ئەگەرشیری ئاژەل باش بكوڵێنرێت، ئەوا هیچ ڤایرۆسێكی تێدا نامێنیت، هاوكات گۆشتی ئاژەل بەهۆی كوڵاندنەوە ڤایرۆسەكەی تێدا نامێنێت.

نیشانەكانی نەخۆشی “تای خوێنبەربوون”:
1- لە ماوەی سێ بۆ حەوت رۆژدا نیشانەكانی دەردەكەون و نەخۆشییەكە تایەكی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی مرۆڤ ئازاری هەیە، بە تایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەكات.
2- دواتر نەخۆشەكە لە دەم و لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەكی خوێن بەربوون دەردەكەوێت، لەوكاتەشدا دەبێت چارەسەر بكرێت.

ڕێگاكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی “تای خوێنبەربوون”:
1- دووركەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەر شەقامەكان بە رێگەی نایاسایی.
2- ئەو كەسانەی گۆشت دەفرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە تەندروستییەكان پەیڕەوبكەن، وەك بەكارهێنانی دەستكێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوكات بەكارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیك نەبنەوە لە ئاژەڵەكان، ئەو كەسانەش كە سەردانیان دەكەن بەمەبەستی كڕین دەبێت ئاگاداربن و زۆر نزیكی شوێنه پیسەكان نەكەون و بە ووشیاری مامەلە لەگەل كۆشتدا بكەن.
3- پێویستە مرۆڤ خۆی لەو ئاژەلانە دوور بخاتەوە، كە گەنەو مێشۆلەیان لە سەر لاشەی نیشتووەو خوێنی ئاژەلەكان دەمژن و دواتر بە مرۆڤەوە دەدەن و خوێنەكە بۆ مرۆڤ دەگوازنەوە.

پەیوەندیدار