خۆپیشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایان دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە بەردەوامە

فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رانیە لە دژی نەدانی موچەکانیان گردبوونەوە و داوای موچەکانیان دەکەن، لە رانیەش دەرگای بانکیان داخستووە و رێگا نادەن موچەی خانەنشینان بدرێت. لەلایەکی دیکەشەوە ژینگەپارێزانی رانیە دژی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکانیان خۆپیشاندان دەکەن.

ئەمرۆ چوارشەممە 11ی ئایار، بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە دژی پێنەدانی مووچەکانییان گردبوونەوە و بایکۆتی دەوامیان کردووە.

لە رانیە نارەزایەتی بەردەوامە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی راپەڕین دژی دواکەوتنی موچەکانیان دەرگای بانکی رانیەیان داخستووە و بەهۆیەوە دابەش کردنی موچەی خانەنشینانیان پەک خستووە، مامۆستایان ناهێڵن خانەنشینانی سەربازی مووچە وەربگرن و داواکارن ئەوان سەرەتا مووچەکانیان وەربگرن بەو هۆیەوە لە ئێستادا دەرگای بانک داخراوە.

هاوکات بەشیک لە خانەنشینانی سەربازیش رێگری لە پەیامنێری وێستگەنیوز و دەزگاکانی دیکە دەکەن بۆ رووماڵکردنی رەوشەکە و هەرەشەی شکاندنی کامێراکان دەکەن، بۆ رێگری کردنیش لە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، “هیزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ وەستاندنی خانەنشینانی سەربازی بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر رۆژنامەنووسان”.

هەروەها لە هەڵەبجە، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و سەرۆکایەتی شارەوانییەکان و فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجەش بایکۆتی دەوامیان کردووە و خانەنشینانیش لە سەرەی وەرگرتنی موچەکانیانن وەستاون.

پەیوەندیدار