بەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە سووپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەی بەربزێنی لە دەڤەری برادۆستی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر تۆپبارانكرد.
بەپێی زانیارییەكان بەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەكانی سووپای پاسداران سنووری بەربزێنیان لە ناوچەی برادۆست تۆپبارانكردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانە هاووڵاتیانی ناوچەكە ترس و دڵەڕاوكێیان لەنیشتووە و خوێندنگەكانیش خوێندكارانیان ناردووەتەوە بەهۆی مەترسی بۆردوومانەوە، بەڵام هیچ زیانێكی مرۆیی نەبووە.
سووپای پاسداران بە پاساوی بوونی بنكە و بارەگاكانی حیزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەنێو خاكی باشووری كوردستاندا ناوچە سنوورییەكانی ئیدارەی سۆران بەتایبەت حاجی ئۆمەران و برادۆست بۆردوومان دەكات.
تا ئێستا نە سووپای پاسداران و نە حیزبە رۆژهەڵاتییەكان هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی ئەم هێرشە و زیانەكانی بڵاونەكردووەتەوە