لە كەركووك 9 تیرۆریستی داعش كوژران

لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە باكووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك، نۆ تیرۆریستی داعش كوژران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كوژرانی نۆ تیرۆریستی داعشی لە پارێزگای كەركووك راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاوی كردەوە كە هێزە ئەمنییەكان، ئۆپەراسیۆنێكیان بۆسەر پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە چیای گراو باكووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك ئەنجامداوە.
باسی لەوەش كردووە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، هێزەكانی سوپا حەشارگەیەكی پاشماوەكانی داعشیان لە ناوچەكە تەقاندووەتەوە كە نۆ تیرۆریستی تیایدابوو و سەرجەمیان كوژراون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە یەكێك لە تیرۆریستە كوژراوەكان ناوی ئەبو عومەر-ە و لە بەناو فیرقەی نەهاوەند چەكداربووە و بە ئەبو سەفییە ناسراوبوو.
ئاماژەی بەوەش داوە كە تیرۆریستە كوژراوەكان لە 14ی مانگی نیسانی رابردوو، پەلاماری خاڵێكی سوپای عێراقیان دابوو لە باكووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك.

پەیوەندیدار