پەیامنێرێکی کەناڵی جەزیرە کوژرا

شیرین ئەبوعاقلە، پەیامنێری کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە کاتی رووماڵکردنی ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین، لە کەمپی جنین لە کەرتی رۆژئاوا کوژرا. کەناڵەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی، بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە و سوپای ئیسرائیلیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، “پێدەچێت لەلایەن فەلەستینییەکانەوە تەقەی لێکرابێت.”

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی جەزیرە، پەیامنێرە 50 ساڵییەکەیان لە کاتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جنین بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە.

بەپێی هەواڵی کەناڵی جەزیرە، “شیرین ئەبوعاقلە تەمەنی 50 ساڵە، لە کاتی روماڵکردنی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەپمی جنین تەقەی لێکراوە، هێلەکی گولـلەنەبڕی لەبەربووە کاتێک گوللـەی هێزەکانی ئیسرائیلی بەرکەوتووە و بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.”

لای خۆشیەوە وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە کە شیرین ئەبوعاقلە گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە، گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە شاری جنین و دواتر گیانی لەدەستداوە.

لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە لەوەی، هێزەکانی وڵاتەکەی لەنزیک کەمپی جینین بوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی تیرۆر.

ئاماژەی بەوەش کردووە، “لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە کەمپی جینین، گومانلێکراوان تەقەیەکی زۆریان کردووە بە ئاراستەی هێزەکانمان و تەقەمەنییان هەڵداوە. هێزەکانی ئیسرائیلیش بەرپەرچیان داونەتەوە، کە پێدەچێت پەیامنێرەکەی جەزیرە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە تەقەی لێکرابێت.”

شیرین ئەبوعاقلە لە ساڵی 1971 لە قودس لەدایکبووە، کۆلێژی ئەندازیاری بیناسازیی لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا لە ئوردن تەواوکردووە، دواتر چووەتە بەشی راگەیاندن
و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بەدەستهێناوە.

دوای تەواوکردنی زانکۆ گەڕاوەتەوە فەلەستین و لە چەندین رادیۆی وەک، دەنگی فەلەستین، کەناڵی ئاسمانیی عەمان، دەزگای مفتاح و رادیۆی مۆنتیکارلۆ کاریکردووە، لە ساڵی 1997 بووەتە کارمەندی کەناڵی جەزیرە و تاوەکو کاتی کوژرانی لە 11ی ئایاری 2022 لە کارکردن بەردەوام بوو.

پەیوەندیدار