وتەبێژێکی سەربازیی هاوپەیمانان لە بارەی تەقەکردنەکانی شەوی 9/5/2022ی هەریرەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، “وەڵامدانەوەی هێرشێکی درۆن بوە.”
شەوی 9ـی ئایار لە بنکەی ئاسمانیی هەریرەوە تەقەكراو بەهۆیەوە زیانی ماددی بەر چەند خانویەک لە ناحیەی باسرمە کەوت.
وتەبێژێکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەوبارەیەوە بە روداوی راگەیاند”رێککەوتی 9ـی ئایار، کەمێک بەر لە کاژێر 10:00ـی شەو، کارمەندانی بەرگریی بنکەی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەریر لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەوڵیان دەدا کە بەرپەرچی سیستمێکی ئاسمانیی بێمرۆڤ (درۆن) بدەنەوە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر بنکەکە و کارمەندەکان. ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو گولـلانەی تەقێندران وەک بەشێک لە رێکارەکانی بەرگری دژی ئەم کارە دووژمنکارییە کاریگەری کردوەتە سەر ئەو خانو و ئۆتۆمبێلانەی کە نزیک بون [لە شوێنەکە].”
وتەبێژەکەی هاوپەیمانان ئەوەشی وتوە کە “ئێستا کار دەکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان و بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندیکردن بە کوردەکانی ناوچەکە و لێکۆڵینەوە لەو راپۆرتانە. هیچ نیشانەیەک نییە کە کەس برینداربووبێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە.”
لەكاتی روداوەكەدا جەنگاوەر ئاژگەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە رایگەیاندبو، هێزێکی ئەمریکی کە لە فڕۆکەخانەی هەریر جێگیرکراون، لەکاتی مەشقدا بە هەڵە تەقە بەنێو ناوەندی شارۆچکەکەدا دەکەن و گوللـە بەر 11 خانو و ئۆتۆمبێلێک کەوتوە.
بەڵام بەپێی وەڵامەکەی هاوپەیمانان بێت ئەو تەقەکردنە مەشق نەبووە، بەڵکو “هێرشی درۆنی” بووە.